ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل: جەنگی سەر غەززە شکستووترین جەنگ بووە لەمێژوودا

 ئۆری مەسغاف لە ڕۆژنامەی هارتسی ئیسرائیلیدا وتارێکی بە ناونیشانی( سوپاسالار زامیر، ئێستا چی بە خانەوادەی سەربازە کوژراوەکان دەڵێت) بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت" هەموو ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ئەوەدان، تەواوی بارمتەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە نێو خانەوادەکانیان، ئەگەر باجەکەی وەستاندنی جەنگیش بێت.

ئۆری مەسغاف دەشڵێت: جەنگی سەر غەززە، شکستووترین جەنگ بووە لە مێژووی ئیسرائیلدا کە هەوڵیانداوە ناو لە جەنگەکە بنێن( شمشێری ئاسنین)، ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناوی لە جەنگەکە نا(جەنگی هەڵسانەوە)، وەبیریش دەهێنێتەوە کە جەنگی 7ـی ئۆکتۆبەرە کە ڕۆژی یەکەمی جەنگ ڕایانگەیاند، ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا دووچاری گەورەترین شکستی سەربازیی بووەوە لە مێژووی خۆیدا.

ڕۆژنامەی هاتیسی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 3500 ئەکادیمیست، زیاتر لە 3 هەزار مامۆستای زانکۆ و زیاد لە هەزار کەس لە خانەوادەی بە بارمتە گیراوەکان و 1500 سەربازی سووپا، داوای گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل پەیامێکیان بڵاو کردەوە و داوای گەڕاندنەوەی بارمتەکانیان کرد ئەگەر باجەکەی وەستانی جەنگیش بێت.

هاوکات، ڕۆنین بێرگمان لە یەدیعوت ئەحرنوت وتارێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: هیچ دڵنیاییەک نییە سووپا لە کەرتی غەززە بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

دەڵێت:  کۆبوونەوەی پێشووتری ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی و هاتنە پێشەوەی ئەمریکا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بیرۆکەی هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لانی کەم چەند مانگێک دوادەخات کە لەوانەیە وا لە  ناتانیاهۆ بکات، فەرمانی ئەوە بکات ئۆپەراسیۆنەکانی سەر غەززە فراوانتر بکرێت.

ڕۆژنامەی مەعاریفیش بڵاو کردووەتەوە، ئیسرائیل نیازی هەیە مانگی داهاتوو هێرشێکی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەی ڕەت کردووەتەوە.