ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە عوممان بەڕێوە دەچێت
بڕیارە ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران، سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوە بچێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش شاندی هەردوو وڵات گەیشتوونەتە مەسقەت.
ستیف ویتکۆف، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندی ئەمەریکا دەکات، عەباس عێراقیچیش سەرپەرشتی تیمی دانوستانی ئێران دەکات.
بۆ جاری یەکەمە شاندی تەکنیکی ئەمریکا بەشداریی دانوستانەکان دەکەن.
پێشتر، دوو گەڕی دیکەی دانوستان لە ڕۆما و عومان بەڕێوە چوون، هەردوولاش دانوستانەکانیان بە بنیاتنەر وەسف کردووە.
بەر لە دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانووستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی دوو لایەنەی ئاراستەی ئێران کرد، هەردوو ڕووی هەڕەشە و دیپلۆماسی نیشانی ئێران داوە لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، دۆخەکەی بە کاتیی وەسف کرد و هۆشداری دا لە گۆڕانی ئاراستەی ڕووداوەکان.
هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران گەیشتوونەتە مەسقەت بۆ ئەوەی ئەمڕۆ دەست بە گەڕێکی دیکەی دانسوتانەکان بکەن، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ساڵی 2015 لەسەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆبامادا کە ئەو کات سەرۆکی ئەمەریکا بوو، لەگەڵ ئێران دراوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری(تایم) کە دوێنێ هەینی 25ـی نیسانی 2025 بڵاو کرایەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: باوەڕمان وایە لەگەڵ ئێران دەگەینە ڕێککەوتن، ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای دانووستانی هەفتەی ڕابردووی هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئێران بوو لە ڕۆما، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕەشنووسێک ئامادە بکەن لەبارەی ڕێککەوتنەکە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش ئاشکرای کرد، پێشوەچوونی زۆر باش لە دانوستانەکان بەدەست هاتوون.
ڕۆژنامەنووسی گۆڤاری ( تایم) پرسیاری لێ کردووە لەبارەی ئەوەی، ئایا دەتوانێت لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاخود مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کۆ ببێتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: بە دڵنیایی.
لە پرسیاری ئەوەی، ئایا هیچ ترسێکی نییە لەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فشاری لەسەری دروست بکات بۆ ئەوەی شەڕی ئێران بکاتی، دۆناڵد ترەمپ گوتی: نەخێر! دووپاتی کردەوە ڕێگریی لە ئیسرائیل ناکات لە هێرشی سەربازیی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا بەشداریی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشەکانی، ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەیشتنە ڕێککەوتن، دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: بە وردی چاودێری هەنگاوەکانی گەیشتن بەو ڕێککەوتنە دەکەم .