پوتن: کیێڤ کورسکی لەدەست دا
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: کیێڤ بە تەواوی لە کورسک شکستی هێنا، ئەوەش دەرفەتێکی باشتر بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ڕووسیا دروست دەکات.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، پیرۆزبایی لە هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا کرد بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەی بەسەر هێزەکانی ئۆکرانیا لە کۆرسک بەدەستیان هێناوە، دووپاتیشی کردەوە، ئەو سەرکەوتنە وا دەکات پێشڕەوییەکانی هێزی ڕووسیا بەردەوام بێت و کۆتایی بە سیستەمی نوێی نازیی بێنن.
سەرۆکی ڕووسیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: یارییەکانی ئۆکرانیا بە تەواوی کۆتاییان هات، لایەنی ئۆکرانی گورزی گەورەیان بەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانیان ڕاهێنراون و بە چەک و جبەخانەی ئەوروپی پڕکرابوون بۆ جەنگ، بەڵام لە هەموو بەرەکان شکستان هێناوە.
پوتن، سوپاسی سەربازانی ئەو یەکە سەربازییانەی کرد کە بەشدارییان لە تێکشکاندنی هێزەکانی نازیی کۆن کرد، پیرۆزباییشی لێیان کرد بۆ سەرکەوتنیان، گوتی: سوپاسی ئازایەتی و قارەمانی و خزمەتتان دەکەم بۆ وڵات و گەلی ڕووسیا.
کرملین ئاشکرای کرد، سوپاسالار ڤالیری گیراسیموڤ پەیوەندیی بە پوتنەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی کورسک لە دەستی چەکدارانی ئۆکرانیا هێناوە.