چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەسێ لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکات
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئاشکرای کرد، بە سێ لیست کە سەرجەم پارتە سیاسییە شیعەکان لە خۆدەگرێت، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
سەرچاوەیەکی چوارچێوە، بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند "هێزە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە سێ لیستی جیا، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەنگی دەنگدەرانە، لەو ئەگەرەشدا دەتوانن بە ئاسانی حکوومەت پێک بهێنن." گوتیشی: ڕەنگە لیستەکانی ناو چوارچێوەی هەمەهانگی ژمارەیەکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن لەو ژمارەی ئێستا هەیانە.
عەللاوی نیعمە بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بەهەمان سەرچاوەی گوت: "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر زیاتر لە لیستێکی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن و دواتر وەک هاوپەیمانییەکی سیاسی فراوان، بتوانن بە ئاسانی حکوومەت پێک بهێنن".
جەختیشی کردەوە "هێزەکانی چوارچێوەیی هەماهەنگیی شیعە پێیان باشە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانییەکە پێک بهێنن بۆ ئەوەی هەریەکەیان هێزی هەڵبژاردن و بنکەی جەماوەری و نوێنەرایەتی سیاسی خۆیان بزانن."
سەبارەت بە کشانەوەی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی شیعە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بەنداوی ڕوونی کردەوە، کشانەوەیەکی زۆر گرنگ نەبووە، بەڵکو ئەوەی ڕووی داوە ناڕەزایەتی بووە بەرانبەر بە کۆبوونەوەی نهێنی سوودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، لە قەتەر.