ڕۆژنامەیەکی ئێران تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بە کردەیەکی تێکدەرانە دەزانێت

هەرچەندە تا ئێستا نهێنی و هۆی تەقینەوە وێرانکەرەکەی بەندەری ڕەجایی ئێران ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ڕۆژنامەیەکی نزیک لە بناژۆخوازەکان بە گومانەوە لە ڕووداوەکە دەڕوانێت و نووسیویەتی؛ خەڵک و باڵەکانی ناو حکوومەتی ئێران بۆچوون جیاوازیان هەیە؛ هەندێکیان، بە کارێکی تێکدەرانەی دەرەکیی دەزانن.

ڕۆژنامەی هەم میهەن، کە بە فارسی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا سەروتارێکی بەناوی "دەربارەی تەقینەوەکە" بڵاو کردووەتەوە و گومانی یەکەمی خستووەتە سەر ئاسایشی نیستمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە وتارەکەدا هاتووە "کارەساتێکی ئاوها پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە لاوازیی سیستەمی پاراستن و هەواڵگیریی دامەزراوە ستراتیجییەکانەوە هەیە، ئەوەش ڕێگەی بۆ سیخوڕان و خیانەتکاران خۆش کردووە بۆ ئەوەی زەبری گەورە لە شادەماری ئابووریی وڵات بدەن."

لە سەروتارەکەدا، ڕۆژنامەکە هەوڵی گرێدانی تەقینەوەکە و دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمەریکا داوە و نووسیویەتی: "پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد و ڕوون سەبارەت بەو ڕووداوە بکرێت؛ ناکرێت هاوکاتیی ئەم تەقینەوەیە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەسەر ئاستی پسپۆڕان، تەنیا وەک ڕێکەوتێک تەماشا بکرێت."

ڕۆژنامە، بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات "هەندێ کەموکووڕیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبنە پاڵنەری خیانەت بە نیشتمان؛ ئەمە پرسێکی گرنگە و دەبێت، بخرێتە نێو کارنامەی دەوڵەت و بە سیاسەتی هەنووکەیی خۆیدا بچێتەوە. چونکە کۆی دانیشتوانی ئێران گەیشتووەتە 85 ملیۆن کەس، لەوانە لانیکەم، دەیان هەزاریان لە پلە و پۆستە جیاوازەکاندا، دوور نییە بتوانن بە خیانەت زەبری گەورەی قەرەبۆ نەکراوە لە نیشتمان بدەن، ئەگەر هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییان لاواز ببێت."

تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە نزیک شاری بەندەر عەباس، جگە لەوەی زیانێکی گەورەی گەیاندووەتە شادەمارییە ئابوورییەکانی ئێران، ژمارەی قوربانییەکانیشی بەردەوام لە زیاد بوونە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment