دوو گەنجی زاخۆ لە ویلایەتی تێکساس کوژران

پۆلیسی تێکساس بڵاوی کردەوە، دوو گەنجی کورد لە شاری ئارلینگتۆن لەلایەن چەند کەسێکەوە کە ئەوانیش کوردن،  کوژراون.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، کاتژمێر 6ـی بەیانی بە کاتی کوردستان و 10ـی شەو بەکاتی ئەمەریکا، دوو گەنجی کورد کە خەڵکی زاخۆن، لە بەنزینخانەیەکی تێکساس خەریکی ئەوەبوونە بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەیان بکەن، لەلایەن گەنجێکی دیکەی کورد و خەڵکی زاخۆ، بە دەمانچە کوژراون، پۆلیس ئاشکرای کردووە،  ئەو ڕووداوە لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی تێکساس ڕوویداوە، هەردوو گەنجە کوژراوەکە ناویان ئەیاز سندی و ئومێد سندییە، گەنجێکی دیکەیشیان لەگەڵ بووە بەناوی هەردەم سندی، لە ڕووداوەکە برینداربووە.

بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبارەکان سێ کەس بوون کە هەرسێکیان کوردن و خەڵکی زاخۆن، دوویان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون، ئەوەی دیکەشیان هەڵاتووە و خۆی شاردووەتەوە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر ڕووداوەکە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدوای دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەمە.

وێنەی دوو گەنجە کوژراوەکە