ناتانیاهۆ: ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، پێویستە گرێدراو بێت بە مووشەکە بالیستییەکانی، دەشڵێت: ڕێگە بە ئێران نادەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە قودس ڕایگەیاند: دەبێت پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەڵبوەشێنرێتەوە و تاران بێبەش بکرێت لە مووشەکی بالیستی.

لەو گوتارەیدا، ناتانیاهۆ گوتی: لەسەرتانە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لەناو ببەن و وای لێ بکەن نەتوانێت پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەردەوام بێت.

ناتانیاهۆ گوتی: ڕێککەوتنی سەرکەوتوو ئەوەیە، بتوانرێت ڕێگە لە ئێران بگیرێت بەردەوام بێت لە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران تاکە وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

دوێنێ شەممە 26ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران (شبکە خبر)ـی گوتبوو: گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە چاو گەڕەکانی پێشوو جددیتر بوو، ئێمەش قووڵ بووینەوە لە وردەکارییە تەکنیکییەکان .

وەزیری دەرەوەی ئێران  ئاماژەی بەوە کردبوو، لە ئەنجامی دانوستانەکانی گەڕی سێیەم ڕازی بوون، ئەوەشی نەشاردبوەوە تا ئێستا ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكی هه‌یه‌.

دوێنێ شەممە 26ـی نیسانی 2025، لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، گەڕی سێیەمی دانوستانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، بەڕێوەچوو.