کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ڕووسیا پشتڕاست کردەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور، کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە کە هێزی سەربازیی بۆ شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا، ناردووە.
باسی لەوەش کرد، ئەو هێزانە "بەشدارییان لە ئازادکردنی ئەو خاکانەی ڕووسیادا کردووە کە لەلایەن ئۆکرانیا داگیرکراون."
کۆریای باکوور پشتڕاستی کردەوە ئەو هێزانەی "بەپێی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش لەگەڵ ڕووسیا" و بە فەرمانی کیم جۆنگ ئون، ناردووە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا ڕایگەیاند "یەکە لاوەکییەکانی" هێزە چەکدارەکانی کۆریای باکوور، بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی ناوچەی کورسک کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵە جەنگییەکانی ئەو هێزانە تاجی سەرکەوتنیان لەسەر دانراوە.
پێش چەند مانگێک، هەزاران سەربازی کۆریای باکوور ڕەوانەی ڕووسیا کرابوون بۆ شەڕکردن لە ناوچەی کورسک لە هێڵی پێشەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لێدوانی لەسەر ئەم ڕاپۆرتانە دا و ڕایگەیاند نیگەرانن لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆریای باکوور لە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.