قوربانیانی تەقینەوەکەی ئێران هەزار و 500 کەسی تێپەڕاند

گوتەبێژی کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە شارۆچکەی بەندەر عەباس 48 کەس گیانیان سپاردووە و زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.

موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی کۆمەڵەی مانگی سوور، بە تەلەفزیۆنی فەرمیی حکوومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا 40 حاڵەتی گیان سپاردن بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی تۆمارکراوە لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکە، هەروەها 50 تیمی فریاگوزاریی و تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە هاوکاریی خەڵکی لێقەوماو دەکەن.

خالیدی ئاماژەی داوە، چوار هیلیکۆپتەر خراوەتە خزمەتی هاوکاریی تیمەکان و دوو هێلیکۆپتەری دیکە ئامادەیە لە کاتی پێویستدا بەشداریی هەڵمەتی هاوکاریی تیمەکانی فریاگوزاری و تەندروستی بکات.

ڕاشیگەیاندووە، کۆمەڵەکەیان لە ئامادەکردنی خوێن بۆ بریندارانی تەقینەوەکە هیچ گرفت و کەموکوڕییەکی نییە، بڕی پێویست خوێنیان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەشێک لە قوربانییەکانی تەقینەوەکەوەی بەندەری ڕەجایی بە تەواوی سووتاون و ناناسرێنەوە و 90%ی مردووەکان و بریندارەکانی ڕووداوەکەش کرێکار و کارمەندانی کۆمپانیاکانن.

هەر بە گوێرەی میدیاکانی ئێرانن، تیمەکانی بەرگریی سارستانی توانیویانە زیاتر لە 80% ئاگرکەوتنەوەکانی بەندەری ڕەجایی کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی جۆری کاڵاکانی نێو کۆنتێنەرەکان، مەترسی دووبارە ئاگرکەوتنەوە هەیە.