پارێزگاری هەولێر بەشداریی حەوتەمین پێشانگای هەناردەکارانی ئێران دەکات
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە تارانی پایتەختی ئێران، بەشداریی حەوتەمین پێشانگای هەناردەکارانی ئێران( ئێران- ئێکسپۆ 2025)ـی کرد کە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان بەشدارییان تێدا کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕێورەسمی حەوتەمین پیشانگای هەناردنکارانی ئێران "ئێران ئێکسپۆ2025" دەستی پێکرد.
لە ڕێورەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و باڵیۆز و نوێنەر و نێردەی وڵاتانی جیهان و بازرگار و وەبەرهێنەران ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا، جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە پیشەسازیی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی جیهان کردەوە و کردنەوەی پیشانگاکەشی بە گرنگ بۆ زیاتر لە یەکتر نزیکردنەوەی بازرگانان و پیاوانی کاری وڵاتان وەسف کرد.
جێگەی باسە، (7)هەمین پیشانگای هەناردەکارانی ئێران "ئێران ئێکسپۆ 2025" کە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شوێنی هەمیشەیی پێشانگا جیهانییەکانی تاران بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە 800 کۆمپانیای ئێرانی لە بواری جیاجیاکاندا لەوان، پیشەسازیی خۆراک، کشتوکاڵ، تەکنۆلۆژیا، دەواودەرمان، پترۆشیمی، پیشەی دەستی و ڕاژەکارییەکان تێیدا بەشدارن، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی کردنەوەی پیشانگاکە کراوە و شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 100 وڵاتی دیکەی جیهانی بۆ دانوستان و هاوکاریی بازرگانی بانگهێشتی ئەو پێشانگایە کراون.