ڤاڵا فەرید: بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێم بووەتە بنەما

ڤاڵا فەرید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریپێکردنی ئیزیدی و هەموو پێکهاتەکان لەسەر ئاستی سیاسیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بووەتە بنەما.

سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ڤاڵا فەرید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە پانێڵی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان گوتی: بەشداریپێکردنی ئیزیدی و هەموو پێکهاتەکان لەسەر ئاستی سیاسیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بووەتە بنەما؛ ئەم بنەمای پێکەوە ژیانەش بەڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانیە.

گوتیشی: ئێزیدییەکان هەمیشە لەسەر ئاستی پەرلەمان ئەندامیان هەبووە، ڕاستە لە فراکسیۆنی پارتی بوونە، بەڵام نوێنەرایەتیی پێکهاتەی خۆیان کردووە، بەر لەوەی بەرگریی لە بەرژەوەندیی حزبەکە بکەن. هەروەها هیواخوازین لە کابینەی دەیەمدا، ئێزیدییەکان پێگەی تایبەتیان هەبێت و وەزارەتێکیان پێ بدرێت.

جەختیشی کردەوە، ئەو قوربانیانەی ئێزدییەکان داویانە، پێویستە ڕەنگدانەوەی لەناو دەسەڵات و دامەزراوەکاندا هەبێت. دوای ئەو کارەساتەی لە 2014 بەسەر ئێزیدییەکاندا هات، لەسەر هەموو ئاستەکانی حوکمرانی هەرێمی کوردستان ئیش لەسەر ئەو کەیسە کرا.

ڤاڵا فەرید، دەشڵێت: لە دوای کارەساتی ئێزیدییەکان حکوومەت نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ ڕزگارکردنی ئافرەتانی ئێزیدی دامەزراند، کە تاوەکوو ئێستا ئەو نووسینگەیە بەشێکی زۆر لە قوربانییان ڕزگار کردووە، ئەوەی ماوە بەشێکی کەمی قوربانییەکانە.
ڕوونیشی کردەوە، لەهەمان کاتدا لەساڵی 2014، لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران  پێکهات بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی.

ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2019 یەکەمین بڕیار لە پەرلەمان دەرچوو، کە 3-8-2014 کرایە ڕۆژی ڕێزلێنان لە قوربانیانی ئێزیدی، یاساکەش لە دوو بڕگە پێک هاتووە کە بڕگەی یەکەمی سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، ئەوتاوانانەی لەدژی ئێزیدییەکان کراوە هەموو بنەماکانی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی تێدایە.

دەشڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی داوای لێ کردین پرۆژە یاسایەک ئامادە بکەین بۆ دادگایی کردنی سەرانی داعش، بۆ بەرجەستە کردنی دادوەری بۆ قوربانیانی ئێزیدی. دواتر پرۆژە یاسایەک ئامادەکرا کە تایبەت بوو بەدامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگایی کردنی سەرانی داعش لە هەرێمی کوردستان.