سروە ڕەسوڵ: پاش 11 ساڵ هێشتا خەڵکی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان

سروە ڕەسوڵ
سروە ڕەسوڵ

سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای نزیکەی 11 ساڵ لە ئازادکردنی شنگال، هێشتا ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە چوارچێوەی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدی (ئایین، کەلتوور، مێژوو، جوگرافیا) لە شاری دهۆک کە ئەمڕۆ سێشەممە، 29-04-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و سبەیش بەردەوام دەبێت، بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، دوای 11 ساڵ لەو کارەساتەی بەسەر ئێزدیەکاندا هات، تا ئێستا نەتوانراوە دەرفەت بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێندرێت بە شکۆوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، سروە ڕەسوڵ دەڵێت: بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەتننامەی شنگال لەلایەن حکووتی فیدراڵەوە بە بیانووی جیا جیا، خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، لە کاتێکدا ئەو پرسە بەشێک بووە لە بەرنامەی کاری حکوومەتی محەممەد شیاع سوودانی، چەندین لێژنە بۆ جێبەجێکردنی پێکهێنرا، جینین پلاسخارت، نێردەی یۆنامی ئەوکات لە عێراق سەرپەرشتی ڕێککەوتنەکەی کردووە لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نەنراوە لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی گرنگی تایبەت بەو پرسە دەدات و چەندین لێژنەی هاوبەشیش لەنێوان هەردوولا پێکهێنراوە بۆ جێبەجێکردنی ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی لێژنەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکات، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ وەکو پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە ناکات.

سروە ڕەسوڵ ئاماژە بەوە دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی بە بابەتی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال دەدات، دەڵێت: زیاتر لە 350 هەزار ئاوارەی شنگال و دەورووبەری لە هەولێر و دهۆک ماون لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان ماڵی ئەوانە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان دەبێت بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان، چونکە ئەوان نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانن، بە نەگەڕانەوەیان هەڕەشە دەکەوێتە سەر گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان، چونکە هەوڵی بەردەوام دەدرێت ئەو ناوچانە دەستیان بەسەردا بگیرێت، پێویستە ئێزدیەکان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان پارێزراوبن لەو ناوچانە.

سروە ڕەسوڵ دووپاتی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری ئەو پرسە نابێت تاکو تەواوی ئێزدییەکان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، گوتی: بۆ ئەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵیش لەڕێگەی لێژنەکانەوە.

گوتی: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ڕێگریی بکات لەوەی گرووپە چەکدارەکان دەسەڵاتییان لە ناوچەکانی ئێزدی نشین فراوان بکەن.

سروە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵ و کارەکانی مەسرور بارزانی بە کردار ڕەنگی داوەتەوە لە گرنگیدان بە پرسی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ زێدی خۆیان، هەروەها گرنگیدان بە پێکهاتەکان و کریستیانەکان و پرسی پێکەوە ژیان کە لە کوردستان، ئەمە وای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێزی زۆر بۆ ئەو پرەنسیپە لە کوردستان بنوێنن.

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیەدا، فشارەکانی بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ زیاد بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، لە کاتێکدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پرسی ئێزدییەکان ئەرکیان کۆتایی پێدێت لە عێراق کە ئەمەش مەترسیدارە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پرسە چارەسەر بکات.