بابەکر زێباری: پێویستە سنوورێک بۆ کردەوەکانی پەکەکە دابنرێت
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کردەوانەی پەکەکە دەیکات لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و جێگەی قبووڵکردن نییە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کردەوەکانی پەکەکە جێگەی قبووڵکردن نییە، ئەوەی دەیکات بەڵگەیە لەوەی نایانەوێت بچنە ژێر فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بابەکر زێباری باسی لەوەش کرد، ئەو کردەوانە لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و زەرەر بە خۆیی دەگەیێنێت، هەر بۆیە پێویستە سنوورێک بۆ پەکەکە دابندرێت و نابێت ڕێگە بدرێت چیتر درێژەیی پێ بدات.
زێباری گوتیشی: سەرۆک بارزانی دژی شەڕی براکوژییە و بەهەمووشێوەیەک دژی دەوەستێتەوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی پڕۆسەی ئاشتی و ڕۆژئاوای کوردستانە.
بابەکر زێباری ئاماژەی بەوەش کرد، پەکەکە دەیەوێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدات، هەربۆیەناچار دەبێت بچێتە ژێر فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جگە لە پڕۆسەی ئاشتی هیچ بژاردیەکی دیکەی نییە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "دوێنێ و بەیانیی ئەمڕۆ، گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە."
ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی خستووەتە ڕوو "لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و کۆنفرانسی یەکێتیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوا و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکە بە ئەنجام دەگات، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵ دەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن."