وەزیری تەندروستی بۆ کوردستان24: بەشی دەرمانی کوردستانمان لە 120 ملیار دینار بۆ 235 ملیار دینار زیاد کردووە
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵ بە ساڵ بەشی دەرمانی هەرێمی کوردستانیان لە بەغدا زیاد کردووە، بەشێوەیەک لە 120 ملیار دینار لەساڵی 2020 بۆ 235 ملیار دینار لەساڵی 2024.
وەزیری تەندروستی دەڵێت: شۆڕشی چاکسازیمان لە کوالێتی دەرمان و پێداویستی ناوبازاڕ بە سیستەمی ئەلیکتڕۆنی دژەساختە کردووە.
سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەستیان بە قۆناغەکانی ڕیفۆڕی سیستەمی تەندروستی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریان بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجی بە زیادکردنی 156% داهات و کەمکردنەوەی خەرجی بەهەدەردان بە ڕێژەی 20% کردووە.
لەبارەی چاکسازیی لە بواری کوالێتی دەرمانیش، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، شۆڕشیان چاکسازیان لە کوالێتی دەرمان و پێداویستی ناوبازاڕ بە سیستەمی ئەلیکتڕۆنی دژەساختە کردووە، سەرباری کەمکردنەوە و داشکاندنی نرخی دەرمان بەڕێژەی 20% ، وەزیری تەندروستی گوتی: تەنها لە ساڵی 2024 بەبڕی نزیکەی 239 ملیار دینار جیاوازی کەمترین نرخ کە بۆ هاووڵاتیانی عێراق و کوردستان گەڕاوەتەوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: دەستیان بە دروستکردنی کۆگای ناوەندی حکومی تایبەت کردووە لەگەڵ دانانی پلاتفۆرم و سیستەمی دیجیتاڵی تەندروستی DHIS.
وەزیری تەندروستی دەڵێت: گرنگی بە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیە گواستراوەکان دەدەین، ڕاشیگەیاند: ڕێژەی تەمەن لە هەرێمی کوردستان بۆ 75 ساڵ دیاریکراوە کە زیاترە لە عێراق و ناوچەکە دەشڵێت: نموونەی سەرکەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەئاستی جیهان بەرامبەر کۆڕۆنا ئەوەبووە، کەمترین ڕێژەی مردن و پەککەوتن هەبوو، ڕاشیگەیاند: ئاستی خزمەتگوزاری شێرپەنجە و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بەرزکراوەتەوە لە هەرێمی کوردستان.
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی TRIAGE لە فریاکەوتن و دانانی پسپۆڕی پزیشکی فریاکەوتن پەیڕەو دەکەن لەگەڵ ڕێکخستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی تایبەت بە مەرج و ڕێنمایی نوێ.
وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: پسپۆری ووردیان بۆ قەزاوناحیەکان دابین کردووە لەگەڵ دابینکردنی سەرجەم پسپۆرییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بە سیستەمی نوێی تاقیگە و پشکنین کردووە، سەرباری فراوانکردن و دروستکردنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و پێگەی تەندروستی هەرێم لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سوود وەرگرتنی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لە هاوکاری و پاڵشتی.
وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، ساڵ بە ساڵ بەشی دەرمانی هەرێمیان لە بەغدا لە 120 ملیار دینار لەساڵی 2020 بۆ 235 ملیار دینار لەساڵی 2024 زیاد کردووە.