ئەمەریکا هۆشداریی دەداتەوە ئۆکرانیا و ڕووسیا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێستا هیچ نیازێکمان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سووریا نییە. گوتیشی: بە هۆشیارییەوە هەڵسەنگدان بۆ دۆخی وڵاتەکە دەکەین.
سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند: داوا لە ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکەین، پێشنیازێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان بخەنەڕوو.
باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە داهاتوو ئاماژەیەکی ڕوون یان نییەتێک نەبێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر وەستانی جەنگ، ئەوا واشنتن لە ڕۆڵی نێوەندگیری ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکشێتەوە.
لەبارەی سووریاوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە نیۆرکن، واشنتن لەم قۆناغەدا هیچ نیازێکی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتەکە نییە. جەختی لەوەش کردەوە، بە هۆشیارییەوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی وڵاتەکە دەکەین.
ناوبراو باسی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان کرد و گوتی: داوا لە هەردوو وڵات دەکەم دۆخەکە هێمن بکەنەوە و کۆنترۆڵی گرژییەکانیانی نێوانیان بکەن.
هاوکات گوتیشی: بەم زووانە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هیندستان و پاکستان، لەبارەی ڕاگرتنی گرژییەکانی نێوانیان قسە دەکەم.