میدیای ئیسرائیل: تەقینەوەکەی بەندەر عەباسی ئێران ڕەنگە پلان بۆ داڕێژراو بێت

لیوا ئەمیر ئەفیفی، لە سووپای ئیسرائیل بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەری زۆرە تەقینەوەکەی بەندەر عەباسی ئێران پلان داڕێژراو بێت و ڕووداوێکی ئاسایی نەبێت.
ئەو جەنەراڵە ئیسرائیلیە ئاشکرای کردووە، ئەگەری زۆرە ئیسرائیل لە پشتەوەی ئەو هێرشەوە بووبێت کە کراوەتە سەر بەندەر عەباس، ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تێدا ڕووی داوە، کەرەستەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێرانی لێیە.
لیوا ئەمیر ئەفیفی، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، لەبەر ئەوەی کۆگاکە کەرەستەی مووشەکەکانی ئێرانی تێدا بووە، بۆیە پێم وایە ئیسرائیل پلانەکەی بۆ داڕشتبێت.
لەبارەی دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێرانیش، لیوا ئەمیر ئەفیفی گوتی: لە دانووستانەکاندا، ئێران گاڵتە بە ئەمەریکا دەکات، دەشڵێت: میدیاکانی ئێران بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن، دەستی ئێران بەرزترە لە ئەمەریکا.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 26ـی نیسانی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردبووەوه‌، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەورووبەریشی لەگەڵ هەژاندووە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە و زیانێکی زۆری بە بەندەرەکە گەیاندووە.
دووشەممەی ڕابردوو 28ـی نیسانی 2025 ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی گوتبوو: تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ڕێسای سەلامەتی ڕووی داوە، ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەوانەی لێی بەرپرسیارن دۆزراونەتەوە و داواکراون بۆ لێکۆڵینەوە. 

لیوا ئەمیر ئەفیفی