نێچيرڤان بارزانى: پشتگیريی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا ڕەواکانیان دەکەین

پێنجشەممە، 10ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پشتگیريی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا ڕەواکانیان له هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
گوتیشی: پێداگریی لەسەر پێويستيى دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و بەدیهێنانی دادپەروەری لە هەلەکانی کار و ڕێکخستنی پەیوەنديی نێوان كرێكاران و خاوهنكاران دەکەین.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی جيهانيى کرێکارانه‌وه، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان و ڕێكخراوهكانيان دەکەم. ڕه‌نج و كۆشش و ماندووبوونيان لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەشداریى كارا و بنەڕەتییان لە پێشخستن و گەشەسەندنى وڵات‌دا، بەرز دەنرخێنم.
جەخت لەسەر پشتگیريی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا ڕەواکانیان له هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، هه‌روه‌ها پێداگری لەسەر پێويستيى دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و بەدیهێنانی دادپەروەری لە هەلەکانی کار و ڕێکخستنی پەیوەنديی نێوان كرێكاران و خاوهنكاران دەکەین لەسەر بنەمایەک کە شکۆی کرێکار بپارێزێت و دڵنيايى گوزه‌ران و ژیانيان، مسۆگه‌ر بکات.
هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه، به ڕێزه‌وه هه‌موو ئه‌و كرێكارانه به‌بيرده‌هێنينه‌وه کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە و سڵاو له خێزان و كه‌سوكاريان ده‌كه‌ين. جه‌خت دهكهينهوه كه لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ چاودێريی خێزانەکانیان بکەن و هه‌موو پشتيوانى و هاوكارييه‌كى پێويستيان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت.
هیوای پشوویەکی ئارام و ئاسووده بۆ هەموو کرێکاران و سەرکەوتن له هه‌وڵ و خەباتیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافەکانیان ده‌خوازم.