سلێمانی.. نیوەی بەشداربووانی پرۆژەی ڕووناکی، 17 هەزار دینار کەمتر پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، نیوەی بەشداربووانی پڕۆژەی ڕووناکی لە سلێمانی، بۆ مانگی چوار، 17 هەزار کەمتر کرێی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە.
پێنجشەممە، 01-05-2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "جێگەی خۆشحاڵییە نیوەی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی کە کارەبای 24 کاتژمێرییان پێ گەیشتووە، بۆ مانگی نیسان (چوار) کەمتر لە 17 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە، پاش پاڵپشتی %50 لەسەر پسوولەکەیان."
وەزارەتەکە، دوێنێ چوارشەممە، 30-04-2025، ڕایگەیاندبوو، لە درێژەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی، كارەبای نیشتمانیی 24 كاتژمێری بۆ 12 گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر و دوو گەڕەكی دیكەی شاری سلێمانی دابین دەكرێت.
بەم پێیەش ژمارەی ئەو گەڕەکانەی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێرییان هەیە، لە هەولێر 38، لە سلێمانی 12 و لە دهۆکیش گەیشتووەتە سێ گەڕەک.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، تا ئێستا لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان 570 هەزار هاووڵاتی كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابین كراوە و نزیكەی 729 مووەلیدەی تایبەت لە 43 گەڕەك وەستێنراون كە كاریگەرییەكەی لەسەر ژینگە یەكسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوی.
سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی:
1. كارەبایەكی 24 كاتژمێریی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان زامن دەكات و بە شێوەیەکی ڕیشەیی كێشەی كارەبا چارە دەکات.
2. ڕەچاوی ئەو هاووڵاتی و خێزانە كەمدەرامەت و هەژار و چینی مامناوەند دەكرێت كە (وات- ئەمپێر)ی كەمتر خەرج دەكەن.
3. دووكەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە ئەهلییەكان ناهێڵێت كە بۆ پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی شێرپەنجە مەترسی ڕادەبەدەریان هەیە.
4. بڕی كارەبا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دەگەیەنێتە هاووڵاتییان و سەرپێچییەكان كەم دەكاتەوە.
5. تێچووی زیاد لە بەكارهێنانی كارەبا كەم دەكاتەوە و تەمەنی ئامێرەكان دەپارێزێت. هاوکات سەلامەتی خەڵك و ماڵەكان لە ئاگركەوتنەوە زۆر كەم دەكاتەوە، ئەمەش كاتێك گڵۆپ و ئامێرە كارەباییەكان بە هۆشیاری و كەمتر بەكار دەهێنرێن.