بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی سووریا دەکات کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێنن
لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی سەحنایا و جەرمانا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای لە لایەنە ناکۆکەکان کرد، دان بەخۆیاندا بگرن و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێنن.
وەک لە بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرداهاتووە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردە سەر پارێزگای جەرمانا و شارەدێی سەحنایای دەورووبەری دیمەشق، بەو هۆی ئەو هێرشەوە چەندین کەس بوونە قوربانی.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی ئێستا لە پارێزگای جەرمانە و شارەدێی سەحنایا هاتوونەتە پێش، دەربڕی و داوای لە لایەنە ناکۆکەکان کرد، ئاگربەست ڕابگەیەنن و گرژییەکان هێور بکەنەوە. داوای لە حکوومەتی دیمەشقیش کرد، ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی ڕووداوی لەشێوەی کەناراوەکانی سووریا بگرێت کە کۆمەڵکوژی و کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوانی لەسەر بنەمای تایفی لێ کەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە پێویستی زانی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی گرژییەکان بکۆڵرێتەوە کە هەڕەشە لە پارچە پارچەبوونی کۆمەڵگەی سووری دەکات، هەڕەشە لە سووریایەکی فرەیی و دیموکرات دەکات کە نوێنەرایەتیی هەموو سوورییەکان بە گشت پێکهاتەکانییەوە بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دیالۆگ و گفتوگۆکانی بە تاکە ڕێگە چارەی سەرەکیی زانیووە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بەدوورە پەرێزی لە بژاردەی سەربازی کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکاتەوە.. دووپاتیشی دەکاتەوە، گرژییە سەربازییەکان هەرگیز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی سوریا گونجاو نەبوونە و ئەزموونی ڕژێمی پێشوو باشترین نموونەیە بۆ ئەمە.
ئاماژە بەوەش دەکات، سووریا ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە دەستوور و حکوومەتێکە مافی تەواوی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت و بە بەشێکیان بزانێت لە سووریای نوێدا، هاوکات ئاماژە بە چارەسەری دیموکراسی گشتگیر دەکات کە هەمووان لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارییان پێ بکرێت.
بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات توندوتیژی ڕابگرن و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن لەپێناو چارەکردنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی خەڵکی سووریا و نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان لە یەکتری بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلی سووریا بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند.