دیندار زێباری: 40 هەزار 767 کرێکار دەستەبەر کراون

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکات، تەنیا لە ساڵی 2024 دا، ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیشتۆتە (40767) کرێکار، بە گشتی لە دوای دەستەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تاکوو ئێستا (193768) کرێکاری بیانی و خۆماڵی و (22874) پرۆژە دەستەبەر کراون.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 1ـی ئایاری 2025، ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە. بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) بایەخێکی زۆر بە دۆخی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان دراوە و زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کراون.
 بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەراوردکاریی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری مافی كاركردن و دەستەبەریی كۆمەڵایەتی، کە بەشێکە لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتورییەكان، لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی سەدا 42.9 ڕاسپاردەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی 2023 بە ڕێژەی سەدا 14.3 جێبەجێ کراوە، بەم پێیەش، جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 75 کاری لەسەر کراوە.

لە ڕاگەێیندراوەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کار و دۆخی کرێکاران هاتووە "تەنیا لە ساڵی 2024 دا، ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیشتۆتە (40767) کرێکار، بە گشتی لە دوای دەستەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تاکو ئێستا (193768) کرێکاری بیانی و خۆماڵی و (22874) پرۆژە دەستەبەرکراون و (958)کرێکار دوای دەستەبەرکردنیان لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت خانەنشین بوونە و مانگانە مووچەکانیان وەردەگرن."

سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ڕێگای وەبەرهێنان زیاتر لە (130) هەزار  و لە ڕێگای پرۆژە پیشەسازییەکانەوە (15) هەزار هەلی کار ڕەخسێنراوە و (9500) گەنج، سوودیان لە قەرزی بچووکی لاوان وەرگرتووە .

سەبارەت بە دامەزراندنیش، لە ڕاگەیێندراوەکە ئەوە خراوەتە ڕوو، بەپێی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا (38) هەزار مامۆستا بە گرێبەست دامەزراون. لە لایەکی دیکەوە (9718) کەس لە مەشقی پیشەیی سوودمەند بوون، هەروەها (1407) سزادراو لە چاکسازییەکاندا سوودمەندبوون لەو خولە پیشەیانەی بۆیان کراوەتەوە.