ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزا لەو وڵاتانە دەکات کە نەوتی ئێران دەکڕن
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەی سەپاندنی سزای لەهەر وڵاتێک کرد کە نەوتی ئێران بکڕێت، ئەو هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ پاش دواخستنی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێران هات کە بڕیاربوو گەڕێکی دیکەی لە ڕۆما بەڕێوە بچێت.
لە پەیامێکی پێگە ئەلیکترۆنییەکاندا، ترەمپ بڵاوی کردەوە، پێویستە کڕیارانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ئێستا بووەستن، دەڵێت: هەر وڵاتێک هەر بەرهەمێکی نەوتی ئێران بکڕێت، ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بکات.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە نەکرد بە چ شێوازێک ئەو سزایانە جێبەجێ دەکات، بەڵام تەنها ئاماژەی بە سەپاندنی سزا کرد بەسەر ئەو وڵاتانەی بەرهەمەکانی نەوتی ئێران دەکڕن، ئەو لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوەش هات کە، گرژییەکان لەگەڵ چین لەماوەی ڕابردوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە بەهۆی سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان و بەڕێژەیەکی زۆر زیاتریش بەسەر چیندا هات، چینیش بە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران ئەژمار دەکرێت.
کارگێڕی زانیارییەکانی وزەی ئەمەریکا کە لە ئۆکتۆبەری 2023 بڵاو کرابوەوە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، چین زیاتر لە سەدا 90ـی بەرهەمی نەوتی خاوی ئێرانی هاوردە کردووە، هەر بەو هۆیەوە بووە دۆناڵد ترەمپ باجی گومرگی بەڕێژەی سەدا 145 بەسەر چیندا سەپاند.