سوودانی: شەرع لە بەغدا باس لە دیدگا و تێڕوانینی خۆی دەکات بۆ ئایندە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئامادەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەبێت و باس لە دیدگا و تێڕوانینی خۆی دەکات بۆ ئایندە.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی کەناڵی شەمس رایگەیاندووە: لوتكەی عەرەبی لە بەغدا، تەنیا میوانداریكردن نابێت بەڵكو دەبێتە فاکتەری چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشە.

چاوپێكەوتنەكە لەلایەن ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاو كراوەتەوە و سودانی دەڵێت: سەرباری شێوازی گۆڕانكارییەكان لە سووریا، بەڵام  ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا لە لوتكەی عەرەبی گرنگە و وڵاتانی عەرەبیش پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی سووریا كە دەیەكە بەدەستی دەناڵێنێت .

لەبارەی دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیش لەسەر پرۆژەی ئەتۆمی ئێران، محەممەد شیاع سوودانی گوتی: سەرکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا تەنها کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە نابێت، بەڵکو لەسەر عێراقیش دەبێت کە بەهۆی گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دووچاری ئالەنگاریی بووەتەوە.

ئەو لێدوانەی محەممەد شیاع سوودانی لە کاتێکدایە، پێشتر، ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیان پێشکەش بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردبوو بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە لوتکەی عەرەبی بەغدا کە بڕیارە لە 17ـی ئایاری بەڕێوەبچێت.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرعیش ئاشکرای کردبوو، بانگهێشتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی پێگەیشتووە و ئامادەی ئەو لوتکەیە دەبێت.