یسرائیل کاتس: سەرۆکی سووریا دەبێت تێبگات ئیسرائیل ڕێگرە لەهەر پێشێلکارییەک بەرامبەر درووزەکان بکرێت

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند: کاتێک سەرۆکی سووریا ئەنجامی هێرشەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ پێگەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری خۆی دەبینێت، زۆر باش تێدەگات لەوەی، ئیسرائیل پێداگرە لەوەی ڕێگریی بکات لەهەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بەرانبەر درووزەکانی سووریا بکرێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: هێرشە ئاسمانییەکەی کرایە سەر پێگەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری سووریا لە دیمەشق، پەیامێکی هۆشداریی ڕوونە بۆ ڕژێمی سووریا.

ئەو لێدوانانەی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو  پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.