تورکیا 18 فەرمانبەری شارەوانی ئیستانبوڵی دەستگیر کرد
دادگای تورکیا بڕیاری دەستگیرکردنی 18 فەرمانبەری شارەوانی ئیستانبوڵی بەتۆمەتی گەندەڵی دەرکردووە، ئەو بڕیارەی دادگاش لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا هات کە حکوومەتی تورکیا دژ بە ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن گرتوویەتیە بەر، لەوانەش دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، لەگەڵ ئەویشدا بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە شارەوانی ئەو شارە.
ئاژانسی ئەنادۆلی تورکیا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو 18 فەرمانبەرەی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵی بڵاو کردووەتەوە.
ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، ڕکابەری سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بە تۆمەتی گەندەڵی و هاوکاریی کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بەقسەی میدیای تورکیا، دەستگیر کراوە.
چاوەڕوێ دەکرا پارتی گەلی کۆماری تورکیا ئیمام ئۆغلۆ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید بکات، بەپێی چەند ڕاپرسییەکی پێشووتریش لەسەر ڕای گشتی، ئیمام ئۆغلۆ لەپێشی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بووە بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری تورکیا.
بەپێی کەناڵی(ئێن تی ڤی)، لەم هەفتەیەدا، تورکیا 52 کەسی دەستگیر کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکات و بڕیاری دادگاییشی بەسەریاندا سەپاندووە.
ئیمام ئۆغلو هەموو تۆمەتەکانی خراوەتە پاڵی ڕەت کردەوە، دەستگیرکردنیشی ناڕەزایی گەورەی جەماوەریی لە زۆرینەی شارەکانی تورکیا لێ کەوتەوە، دۆخێکی ئابووری سەختیشی لە تورکیا دروست کرد و دادگا ڕووبەڕووی ناڕەزایی و سکاڵای زۆر بووە کە لایەنگیریی دەسەڵاتی کردووە، بەڵام دادگا ئەوەی ڕەت کردەوە و دەڵێت:( ئێمە سەربەخۆ و بێلایەنین).