سەرۆکایەتی کۆماری سووریا: هێرشی ئیسرائیل بۆ کۆشکی کۆماری پێشهاتێکی مەترسیدارە

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بەرەبەیانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری سووریا بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت: ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە دژ بە دامەزراوەکان و شکۆی دەوڵەت.

ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا وێڕای ڕاگەیاندنی نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمڕۆ بەرەبەیان ئیسرائیل کردوویەتییە سەر پێگەیەکی نزیک لە کۆشکی کۆماری، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و پێی وابوو پێشێلکردنی سەروەری وڵاتێکە.

دەشڵێت: سووریا لەبەرانبەر شکۆ و ئاسایشی خۆیدا، بەرگریی لە مافی گەلەکەی دەکات بەهەموو جۆرێک، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، پابەند بن بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەچوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دروستکردنی ئاژاوە.

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی کرد، لە تەنیشت سووریا بووەستن بەرانبەر ئەو دەستدرێژیانەی پێشێلی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

دەشڵێت: هێرشی ئیسرائیل پشێوی و نا ئارامی و ئالەنگاریی ئاسایش دروستدەکات و یەکگرتوویی گەلی سووریا بە ئامانج دەگرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو  پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.