ئەم ساڵ بێبەرانبەر سیمکارتی سعوودیە بە حاجیانی کوردستان دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان ڕاگەیاند، ئەم ساڵ سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی بەخۆرایی و بێبەرانبەر بە هەموو حاجیانی کوردستان دەدرێت، بۆیە پێویست ناکات هیچ حاجییەک سیمکارتی هێڵی پەیوەندییەکانی سعوودیە بکڕێت.
کاروان ستونی گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕایگەیاند، ئەم خزمەتگوزارییە بەمەبەستی زیاتر خزمەتکردنی حاجیان و هاوکاریکردنیانە لە کاتی سەفەریان بۆ سعوودییە و بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای "کنان" بریکاریی سەرەکی کۆمپانیای ئیس تی سی سعوودیە کراوە، هەر حاجییەک سیم کارتێکی ئەنتەرنێت بە پێنج گێگا ئینتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندی لەخۆ دەگرێت و لە دەروازەی عەرعەرە بێبەرانبەر بە حاجیانی گەشتی وشکانی و لە شاری مەککەی پیرۆزیش بە حاجیانی گەشتی ئاسمانی دەدرێت.
هەر لە بارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو سیمکارتەی بە حاجیان دەدرێت، گوتەبێژی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان گوتی: سەرەڕای دابینکردنی سیم کارتی ئەنتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی، بۆ هەر پاسێکی حاجیان ڕاوتەرێکی ئەنتەرنێت دابین دەکرێت، کە 30 حاجی دەتوانن سوود لە ئەنتەرنێتەکەی وەربگرن.
کاروان ستوونی جەختیشی کردەوە، سەرۆکی شاندنی حاجی کوردستان، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی هەرچی ئاسانکاری و خزمەتگوزارییە بۆ ئەم ساڵ بە جیاوازی ساڵانی ڕابردوو پێشکەش بە حاجیانی کوردستان بکرێت.