ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا کارمەندەکانی کەمدەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا( سی ئای ئەی)
ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا( سی ئای ئەی)

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا( سی ئای ئەی)، پلانی داڕشتووە 1200 کەس لە هێزەکەی خۆی کەم بکاتەوە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئاگادار کردووەتەوە لە پلانی کەمکردنەوەی کارمەندەکانی سی ئای ئەی کە لە ماوەی چەند ساڵێک ئەنجام بدرێت، بەشێکی کەمکردنەوەی کارمەندەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی دامەزراندن بکرێت نەوەک دەرکردنی کارمەندەکان.

گوتەبێژی سی ئای ئەی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، وردەکارییەکانی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام گوتی: بەڕێوەبەری سی ئای ئەی جۆن ڕاتکلیف " خێرا هەنگاو دەنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە، هێزی کاری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەپارێزن.

گوتەبێژەکە گوتی "ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ستراتیجیەتێکی گشتگیر بۆ بەگەڕخستنی وزەیەکی نوێ لە ئاژانسەکە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکردە تازەکان و باشترکردنی پێگەی سی ئای ئەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا، بوو بە یەکەم دەزگای ئاسایش کە بەشداریی پرۆژەی خۆبەخشانەی ترەمپ بکات، تیایدا ئاژانسەکە بەڵێنیدا کارمەندانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.