سووپای ئیسرائیل: بۆ پشتیوانی لە درووزەکان چووینە نێو باشووری سووریا

سووپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئایاری 2025 ڕایگەیاند:  چوونەتە نێو باشووری سووریا بۆ ڕێگریی لەهەر هێزێکی دوژمن بچێتە نێو ناوچەی درووزەکان.

سووپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، لە باشووری سووریا بڵاوەیان کردووە و ئامادەن بۆ ڕێگریی لەهەر هێزێک بچێتە نێو ناوچەی درووزەکان، بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی سەربازە بڵاوپێکراوەکانی بکات، ئەگەری هەیە ژمارەکە زیادیش بکات.

لە بەیاننامەیەکی سووپای ئیسرائیلدا هاتووە، چاودێری پێشهاتەکان دەکەن، هاوکات ئامادەیی تەواوی خۆیان دەکەن بۆ بەرگریی و تەواوی سیناریۆکانیش.

بەرپرسێکی درووزەکان لە پارێزگای سوەیدا دەڵێت: هیچ سەربازێکی ئیسرائیلی لەو ناوچەیە بڵاوەیان پێ نەکراوە.

ئەو بەرپرسە دروزییە گوتی: پێدەچێت بوونی سەربازیی ئیسرائیل لە پارێزگای قونەیترە لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان سنووردار بێت.

 دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، سووپای ئیسرائیل پێگەی خۆی لەو ناوچەیە دامەزراندووە.