سبەینێ کوشتارگەی کۆیە دەکرێتەوە

دوای پاککردنەوە و تەعقیمکردنی کوشتارگەی کۆیە بە ماددەی ڤێرکۆن، لەسەر بڕیاری قایمقامی قەزاکە سبەینێ کوشتارگەکە دووبارە دەکرێتەوە.
بەهۆی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنەبەربوون لە کۆیە، کوشتارگەی شارۆچکەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر داخرا، بەڵام دوای پاککردنەوە و تەعقیمکردنی تەواوەتیی کوشتارگەکە بە ماددەی ڤێرکۆن، لەسەر داوای قایمقامی کۆیە، سبەینێ یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، دووبارە دەکرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 2ـی ئایاری 2025، دکتۆر خەیڕوڵڵا خزر، سەرپەرشتیاری کوشتارگەی کۆیە بە کوردستان24ـی گوتبوو: لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بڕیارماندا بە داخستنی کوشتارگەی کۆیە بۆ کاتێکی نادیار.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە شێروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، کەسێک لە کۆیە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە و تەمەنی 42 ساڵە.
