پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراک خێرا دەکرێت
پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراک خێراتر دەکرێت و لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە، پرۆسەکە لەڕێگەی فۆرمەوە تەواوبووە، ئێستا قۆناغی تۆمارکردنی هاووڵاتییان لە ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە خۆراک دەستپێدەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەیەکی نزیکدا لە پارێزگای هەڵەبجە دەست بە تاقیکردنەوەی سیستەمەکە دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لێی و چارەسەرسەرکردنی کێشەکانی.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، تۆمارکردن لەڕێگەی کارتی نیشتمانییەوە دەبێت، هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانی نەبێت، بێبەش دەبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای هەڵەبجە، پرۆسەکە دەگاتە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ئاماژە بەوەشدەکات، سەرەتا ئەپڵیکەیشنێک لە پلاتفۆرمی تیلیگرام بۆ بریکارەکانی خۆراک دادەنرێت، بریکارەکانیش ئەپلیکەیشنەکە دادەبەزێنن بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بەشە خۆراکییان لای بریکارەکەیە، بریکارەکان و هاووڵاتییان بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، دواتر هاووڵاتییەکان و بریکارەکان دەبەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی لە شارەکان، دەڵێت: دوای ئەو پرۆسەیە، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە، وێنەی کارتی نیشتمانی منداڵ و خێزانەکەی خۆی بۆ بریکار بنیرێت، بریکارەکەش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەینیرێت، بەم شێوەیە بەڕێوەبەرایتییەکان لە کەمبوون و زیادبوونی ژمارەی خێزانەکان ئاگەدار دەبن.
ئاشکراشی کرد، هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانییەکانی نەنێرێت بەو ئەپلیکەیشنە، بەشەخۆراکی ڕادەگیرێت تاکوو ئەپلیکەشنەکە لەسەر مۆبایلی دادەبەزێنێت.