ڕاکێشانی پارە لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین گومان دەخاتە سەر دۆخی دارایی عێراق
هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ئێستاوە دەستییان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، مووچەی فەرمانبەرانیش وەک چەکێکی بەهێز لە دژی حکوومەت بەکاردێنن، وێڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕایگەیاندووە، ئەو پارەیەی لە بانکەکان ڕاکێشراوە، پارەی وەزارەتە، بەڵام هێزە سیاسییەکان بۆچوونی دیکەیان هەیە.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هەموو ئەو پارەیەی لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین ڕاکێشابێت، دەڵێت: ئەو پارەیەی ڕاکێشراوە لە بەلانسی هەژماری سیادی وەزارەتیان بووە و بڕی 45 ملیار دیناریان بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر ڕاکێشاوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکاتەوە، پارەی هاووڵاتییان یاخود بانکە تایبەتیەکانیان ڕاکێشابێت، بەڵام ئێستا هێزو لایەنە سیاسییەکان بە دەرفەتی هەڵبژاردنی دەقۆزنەوە و دەڵێن: دەستبردن بۆ پارەی بانکەکان، مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروست دەکات.
لەو بارەیەوە، سائیر مخیف لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، حکوومەت بە قەیرانێکی دارایی ڕاستەقینەدا تێدەپەڕێت، هەڕەشە بۆ مووچەی فەرمانبەران و شایستەی پرۆژە گرنگەکان دروستکردووە، دەشڵێت: دەستبردن بۆ بژاردەی ڕاکێشانی بەشێک لە باجی بانکەکان، ڕەنگە دواخستن، یاخود دابین نەکردنی مووچە و تەقینەوەی شەقامی لێ بکەوێتەوە.
لە درێژەی کاردانەوەکاندا، حەنان فەتلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئیرادە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بازرگانانی دروشم با بەدوای کاڵای دیکەدا بگەڕێن، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی نەدانی مووچە، پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی پێشوختەیە و هیچ بنەمایەکی دروستی نییە.
هاوکات، پەرلەمانتار عەلی مەشکور بۆچوونی وایە، یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا بەخشینەکانی دۆلاری بۆ عێراق بەڕێژەی نزیکەی سەدا 30 کەمکردووەتەوە، بۆیە ڕاکێشانی باجی بانکەکان، پێویستیی دەوڵەت بۆ نەختینەی دارایی پشتڕاست کردووەتەوە، ئەوەش کارەساتە.
مەشکور ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەت مافی ئەوەی نییە، هەموو باجی بانکەکان بکشێنێتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوە بە بڕیاری دادوەر بێت.