ئاگرێکی گەورە لە مەشهەدی ئێران کەوتەوە

پەیوەندییە گشتییەکانی بەرگریی شارستانی و ئاگر کوژێنەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئاگر لە کارگەیەکی ماتۆڕسکیل لە ناوەندی شاری مەشهەدی سەربە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە باشووری ئێران کەوتووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی بەرگریی شارستانی شاری مەشهەد ڕایگەیاند: چەندین تیم لە ناوچەی جیا جیا ڕەوانەی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە کراون کە کەوتووەتە سەر ڕێگەی نەبی ئەعزەم.

ئەو ئاگرەی لە کارگەی ماتۆڕسکیلەکە کەوتووەتەوە، دووکەڵەکەی لە دوورەوە دەبیندرێت، بەڕێوەبەری گشتی بەرگریی شارستانی شاری مەشهەد دەڵێت: ئاگرەکە تایە و کارتۆنی بەڕووبەی چوار هەزار مەتر چوارگۆشەی لە کارگەکە گرتووەتەوە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەش تا ئێستاش هەوڵدەدەن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئاگرەکەی ئەو کارگەیەی شاری مەشهەد لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 26ـی نیسانی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردبووەوه‌، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەورووبەریشی لەگەڵ هەژاندووە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە و زیانێکی زۆری بە بەندەرەکە گەیاندووە.
دووشەممەی ڕابردوو 28ـی نیسانی 2025 ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی گوتبوو: تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ڕێسای سەلامەتی ڕووی داوە، ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەوانەی لێی بەرپرسیارن دۆزراونەتەوە و داواکراون بۆ لێکۆڵینەوە.

بەپێی دوایین زانیاری، 70 کەس لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی گیانیان لەدەستدا و بە هەزاران کەسیش برینداربوون.