هیوا ئەفەندی: لە کابینەی نۆیەمدا پێشووەچوونێکی بەرچاو لە سیستەمی دیجیتاڵیدا بەدیهات
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشووەچوونی بەرچاو لە سیستەمی دیجیتاڵیدا بەدیهاتووە، دەشڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا کار بە سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکرێت.
یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا، پێشوەچوونێکی باش هەبووە لە سیستەمی دیجیتاڵیدا، چونکە ستراتیجیەتی دیجتالیان داناوە، دەڵێت: داتا سەنتەرێکمان وەک ژێرخان دانا، دواتر سیستەمی دیجیتاڵی زانیاریی دانیشتوانمان دامەزراند کە پێناسی دیجیتاڵی دەستەبەر دەکات، بەمەش توانیمان سیستەمی پیرۆڵ دابمەزرێنین لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من، لەگەڵ ئەوەشدا سیستەمی تۆماری کۆمپانیاکان، ئەوانە پرۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون.
هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە کرد، ژێرخانێکی زۆر باش و ڕێکوپێکی دیجیتاڵیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندووە، گوتی: لەماوەی پێنج ساڵدا، هەرێمی کوردستانمان 20 ساڵ پێش حکوومەتی عێراق خستەوە، چونکە تا ئێستا حکوومەتی عێراقی پێناسی دیجیتاڵیان نییە.
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو کاتە لە بواری دیجیتاڵی پێش دەکەوین، کاتێک تێبگەین لەوەی کە بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو بوارەکان بەرەو دیجیتاڵ بوون بڕۆین، هەوڵمانداوە سەدا هەشتای کارو پرۆژە دیجیتاڵییەکانی حکوومەت بەرەو یەک ئاراستە ببەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئایندەیەکی نزیک پێناسی دیجیتاڵی هاووڵاتی دەخەینە سەر تەلەفۆنی هەموو هاووڵاتییەک، هەر هاووڵاتییەک تەنها بە تەلەفۆنەکەی خۆی، دەتوانێت خۆی لە هەر شوێنێک بناسێنێت، چونکە پێناسی دیجیتاڵییەکەی وەک ئەپلیکەیشن لەسەر مۆبایلەکەیەتی، بەو شێوەیە هەرێمی کوردستان لەڕووی دیجیتاڵییەوە دەچێتە قۆناغێکی زۆر بەرزتر، بەڵام ئەو پێشکەوتنە کۆتایی نایەت، بەڵکو پرۆسەیەکە و بەردەوام دەبێت.
هیوا ئەفەندی دەڵێت: پێویستە هاووڵاتی ڕازی بێت بەوەی زانیاریی کەسی خۆی پێشکەش بکات بۆ بەشداریی کردن لە سیستەمەکە، هاووڵاتیش بە هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت دەبەسترێتەوە.
دەڵێت: سیستەمی پارەدان دەکەین بە دیجتاڵی، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنمایی و یاسای وەزارەتی دارایی دەبێت بەر لەوە هەموار بکرێتەوە، گوتی: پێویستە بۆ ئەو پرۆژەیە سیستەمێکی ناوەندی دابمەزرێنین کە سیستەمی ناوەندی نیشاندانی پسوولە و دەرکردنی پارە بێت، ئەو سیستەمە ئێستا لە جێبەجێ کردندایە و چەند مانگێکی دیکە ڕایدەگەیەنین، هەموو دامەزراوەکان پەیوەست دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستەمەکە.
لەبارەی سیستەمی پیرۆڵیش، هیوا ئەفەندی گوتی: پێویستە بۆ پارەیەکی زۆری وەکو مووچەی فەرمانبەران، حکوومەتیی هەرێمی کوردستان سیستەمی پیرۆڵ جێبەجێ بکات کە وردەکاری مووچەی فەرمانبەرانی تێدایە و مانگانە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت کە سیستەمی پیرۆڵ هەمووی ڕێک دەخات، بۆ ئەوە هەر فەرمانبەرێک پێناسی دیجیتاڵی و بایۆمەتری هەیە، هەر لەو سیستەمە ئاشکرا دەبێت هەر فەرمانبەرێک زیاد لە مووچەیەکی هەبێت، دەڵێت: نزیکەی سێ هەزار کەس لەسەر سیستەمی پیرۆڵ لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، نزیکەی هەزار و 189 یەکەی ژمارەیی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە نێو سیستەمی پیرۆڵ، لەهەر سیستەمێک دەزاندرێت چەند فەرمانبەر چوونەتە نێوی، هەموو مووچەخۆرێک دەچێتە نێو سیستەمی پیرۆڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی.
لەبارەی ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانیش، هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر کە بەچەند هەفتەیەک لیستی مووچە ئامادە دەکرا، ئێستا بووە بە ئاسانترین کار لای ئەوان و بە 48 کاتژمێر لیستی مووچە ئامادە دەکەن.
هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە کرد، دواخستنی تەمویلی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەهۆی لیستی مووچە نییە، بەڵکو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بیانووی دیکە دێنێتەوە، لەوانەش میزان موراجەعە و داهاتی نا نەوتی و بابەتی دیکە، دەڵێت: تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق داوای سیستەمی پیرۆڵی ئێمەی کردووە، بەڵام تەنها بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، ئەو سیستەمە بە بەغدا دەدرێت.