دوو کەشتی گەشتیاری نقوم بوون دەیان قوربانی لێکەوتەوە

دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، ئاژانسی 'شینخوا'ـی چین بڵاوی کردەوە، دوو کەشتی گەشتیاری کە گەشتیاریان هەڵگرتبوو لە ڕووبارێکی باشووری ڕۆژئاوای چین نوقم بوون و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان سپارد و 70 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی فەرمی شینخوای چینی لەسەر زاری سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاوی کردەوە، دوای وەرگەڕانی دوو کەشتی لە ڕووبارێکدا لە شاری چینشی لە پارێزگای گویژۆ، نزیکەی 84 کەس کەوتنە ناو ئاوەکەوە.

میدیاکانی چین ئاشکرایان کرد، تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەی مردووان گەیشتووەتە نۆ کەس، هاوکات 70 کەسیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، چوار کەسی دیکەش بریندار سەلامەت بوون، هەروەها کەسێکیش بێسەروشوێنە.

شی جینپینگ، سەرۆکی چین داوای کرد هەوڵی تەواو بدرێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەکان و چارەکردنی بریندارەکان، جەختیشی کردەوە، گرنگی بە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان بدرێت.

دوو مانگ لەمەوبەر ڕووداوێکی هاوشێوە لە پارێزگای هونان لە چین ڕوویدا، کە دوو کەشتی پێکیاندادا لە ئەنجامدا 11 کەس گیانیان سپارد.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment