خۆڵبارینێکی چڕ بەغدای گرتووەتەوە
خۆڵبارینێکی چڕ و خنکێنەر بەغدای گرتووەتەوە و پۆلیسی هاتوچۆی شارەکەش بەهۆی کورتبوونەوەی مەودای بینین، شۆفێران ئاگەدار دەکاتەوە کە بە هۆشیارییەوە شۆفێری بکەن و بە تایبەت لە ڕێگە خێراکاندا.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئایاری 2025ـەوە، شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین بە ڕەشەباوە ئاسمان و نێو شاری بەغدا و دەوروبەری تەنیوە، لە زۆربەی شوێنەکان ئاستی بینین بۆ نزیکەی یەک کیلۆمەتر کورت بووەتەوە.
پێشتر دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزە زانی عێراق پێشبینی کردبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەش و هەوای ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەکەوێتە ژێر چەند کاریگەرییەکی ناوچەیی، لەوانە ئاسمانی هەندێک ناوچە هەور و نمەباران بە هەورە بروسکەوە دەبێت، چەند ناوچەیەکیش دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕەشەبایەکی خۆڵبارین، بە تایبەت لە ناوچە بیبان و دەشتاییەکان.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی بەغدا ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە چڕە خۆڵبارینەی بەغدا و دەوروبەری گرتووەتەوە، کە ئاستی بینینی بۆ نزیکەی یەک کیلۆمەتر کورت کردووەتەوە، پێویستە شۆفێران لە ڕێگە دەرەکییەکانی نێوان شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە هۆشیاریی شۆفێری بکەن و دووری نێوان ئۆتۆمبێلەکان ڕەچاو بکەن، بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکان پارێزراو بن.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق بێت، ئەم کەشە ناسەقامگیرەی ناوەڕاست و باشووری عێراق گرتووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایی دەبێتەوە.