ئامانج هەرکی: پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر دەستی پێ کردووە
سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، ژمارەیەک بانک دەستیان کردووە بە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان، بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر. دەشڵێت: 10 ساڵە عێراق نەیتوانیوە پرۆژەیەکی هاوشێوەی ڕووناکی جێبەجێ بکات.
دووشەممە، 05-05-2025، لیژنەی تەکنیکیی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی ((GIZی ئەڵمانی دیدار و وۆرکشۆپێکیان بە ناوی (دەستپێشخەری بانکی ناوەندی بۆ دامەزراندنی خانەخورییەکان، ئومێدێک بۆ وزەیەکی خاوێن و بەردەوام) ڕێکخست.
ئامانج هەرکی، سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربووەکی وۆرکشۆپەکە بوو، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەک بانک دەستیان کردووە بە پێدانی قەرز بە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هاندانیان بۆ دابینکردنی کارەبا لە پرۆژەی وزەی خۆر.
ئامانج هەرکی باسی لەوەش کرد، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە دوو شێواز داوای قەرزەکە بکەن، یان لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیای مۆڵەتی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە وەرگرتووە بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر یان هاووڵاتی خۆی بچێتە بانکەکە، ناوی کۆمپانیاکە دەستنیشان بکات و قەرزەکە وەربگرێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق "بڕی قەرزەکە لە نێوان حەوت ملیۆن دینار بۆ 30 ملیۆن دینارە. کۆی پارەکە بۆ دانانی پرۆژەکە خەرج دەکرێت، کە پرۆژەکە تەواو بوو، ئینجا کۆمپانیاکە پارەکەی وەردەگرێت، واتا پێشتر نە بە کۆمپانیا دەدرێت و نە بە خاوەنی پرۆژەکە."
سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "وەرگرتنی قەرزەکە بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر، وەک وەرگرتنی هەر قەرزێکی دیکەیە. نەک تەنها فەرمانبەر، بەڵکوو کەسانی ئاسایش ئەگەر مووچەخۆر بن، دەتوانن قەرزەکە وەربگرن، بەڵام دەبێت کەفیل و بەڵگەنامەی پێویست بۆ بانکەکە بخەنە ڕوو. "
لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی ڕووناکی، ئامانج هەرکی گوتی "پڕۆژەی ڕووناکی نیعمەتێکە بۆ ئاییندە بۆ ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی کارەبا. عێراق 10 ساڵە ملیارەها دۆلار خەرج بکات و نەیتوانیوە پرۆژەیەکی هاوشێوەی ڕووناکی جێبەجێ بکات. هەندێک کەس بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە نرخەکەی گرانە، نەخێر بە هیچ شێوەیەک گران نییە."
سەرۆکی لیژنەی وزە نوێبووەکان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا "پڕۆژەی ڕووناکی چەندان سوودی هەیە: داهاتی حکوومەت جێگیر دەکات، فێری چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبامان دەکات، ژینگە پاک دەکاتەوە و کێشەی کەمی کارەبامان نامێنێت، چونکە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری."