شێروان جەمال: بەهۆی کەمی بارانەوە چەند کانی و کارێزێک لە سلێمانی وشکبوون

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەند، ئەمساڵ سەرچاوەکانى ئاو کەمیکردووە و بەشێک لە کانى و کارێز و بیرەکان وشکیانکردووە یاخود مەترسيى وشکبوونیان لەسەرە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، شێروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "بەهۆی وشکە ساڵی و کەمی ڕێژەی بارانبارین، کە لە سەدا 60ـی ساڵی ڕابردوو باران باریوە، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر کانی و کارێزەکانمان هەندێک سەرچاوەى ئاو نەژیاوەتەوە و وشکیکردووە، وەک سەرچاوەى ئاوى تافان لە قەرەداغ."

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی دەڵێت: لەکۆى 160 کانى و کارێز لە دەوروبەرى سلێمانى 120یان وشکى کردووە.

دەشڵێت: لە کۆى 560 بیر 95 یان وشکیکردووە، یان ئاوەکەیان تەواو کەمبووەتەوە.

شێروان جەماڵ ڕاشیگەیاند " سەرچاوەکانی پەرێز، سەرای سوبحان ئاغا، ئاویان تێدا نەماوە، بێستان سووریش ئاوەکەی زیاتر لە سەدا 50 دابەزیوە.

دەشڵێت: لە قەرەداخ چوار بیر هەیە دووانیان وشکی کردووە و ئەمساڵیش ئاوی تافان نەژیاوەتەوە.

لای خۆیەوە بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى ڕایگەیاند "ئاستی ئاوى سەرچنار زۆر کەمبووەتەوە، نزیکدەبێتەوە لە وشکبوون، لە 24 کاتژمێردا 170 بۆ 180 هەزار مەتر سێجا لە ئاوى سەرچنار بۆ ئاوى خواردنەوە بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوەو ناتوانین ئەو ڕێژەیە بەکاربهێنین".