سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە بەغدا بەشداریی پرسەی کوڕی ئەیاد عەللاوی کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە5ـی ئایاری 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, لە شاری بەغدا، بەشداری پرسەی (حەمزە)ی کوڕی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئەیاد عەللاوی کرد.
سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی و هاوخەمی سەرۆک مەسعود بارزانی و خۆی بە ئەیاد عەللاوی گەیاند و هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی ببەخشێت.
ئەیاد عەللاوی سوپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ هاوخەمی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە پرسەکەی دەربڕی.
لە کۆنفرانسێکی کورتی ڕۆژنامەوانیدا هەر لە پرسەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕێککەوتنەکانی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لەبارەی کێشە داراییەکان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەوەی ئەرکی حکوومەتی هەرێم بووە هەمووی جێبەجێ کراوە، چاوەڕێین حکوومەتی فیدراڵیش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.