د.محەممەد جەمیل: هاووڵاتییەک لە هەولێر بەهۆی خۆڵبارینەوە دڵی وەستا

پزیشکێکی پسپۆر لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر هۆشداریی دەداتە ئەو هاووڵاتییانەی نەخۆشی هەناسە توندیان بەرزە، یاخود ڕەبوویان هەیە، لە ماڵەوە نەیەنە دەرەوە، لە ماڵەوەش ماسک ببەستن، چونکە خۆڵبارینەکە مەترسی دەخاتە سەر ژیانیان و ئەگەری هەیە دڵیان بووەستێت، وەک ئەو نەخۆشەی ئەمڕۆ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە.

دووشەممە 5ـی ئایاری 2025، د.محەممەد جەمیل، پزیشکی پسپۆر لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 12 هاووڵاتی بەهۆی خۆڵبارینی چڕ و هەناسە توندییەوە، گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر، یەک لەو هاووڵاتییانە دڵی لەکارکردن وەستاوە، بەڵام بە هەوڵی پزیشکان توانرا دوای 40 خوولەک، ژیانی بۆ بگەڕێتەوە و ئێستا ئەو هاووڵاتییە لەژێر چاودێری چڕە.

د.محەممەد جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هاووڵاتییانەی تووشی هەناسە توندی ببوون، دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست، ئێستا دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە.

پزیشکە پسپۆرەکە ئاشکرای کرد، ئەو هاووڵاتییەی بەهۆی خۆڵبارینی چڕ دڵی لە کارکردن وەستابوو، نەخۆشی ڕەبووی توندی هەیە، لەگەڵ خۆڵبارینەکە دووچاری گیرانی بۆرییەکانی سینگی ببوو، دەڵێت: کاریگەریی خۆڵبارین لەسەر ئەوانە زیاترە کە نەخۆشی هەناسە توندیان زۆرە، یاخود ڕەبوویان هەیە، داوای لەو هاووڵاتییانەش کرد کە نەخۆشی هەناسە توندیان بەرزە، یاخود ڕەبوویان هەیە، لەکاتی خۆڵبارین لە ماڵەوە نەیەنەوە دەرەوە، لە ماڵەوەش ماسک ببەستن کە پارێزگارییان لێدەکات، ئەگەر لە ماڵەوەش دووچاری هەناسە توندی بەرز بوون، خۆیان بگەیەننە نزیکترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ ئەوەی نەگاتە حاڵەتی دڵ وەستان.

ئەو پزیشکە ڕایگەیاند:  سەرباریی پێدانی چارەسەری پێویست بە نەخۆشەکان، ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەژێر چاودێریی دەیانهێڵنەوە، نەوەک هەناسە توندیان جارێکی دیکە بۆ بەگەڕێتەوە، دەشڵێت: ئەگەر هەستمان بەوە کرد تەندروستی ئەو نەخۆشانە باشتر بووە، بەپێی ڕێنمایی تەندروستی ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەینەوە.

د.محەممەد جەمیل، پزیشکی پسپۆر