خۆڵبارینی چڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێرانی پەرێشان کردووە

خۆڵبارینی چڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێرانی پەرێشان کردووە
خۆڵبارینی چڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێرانی پەرێشان کردووە

بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا و خۆڵبارینی چڕ، بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن و چەند فەرمانگەیەکی حکوومەتییان دا.

بەهۆی خۆڵبارینەوە، هەوای پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوای ئێران پیس بووە و ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایاری 2025، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها لە پارێزگاکانی خووزستان و بووشەهر داخران و لە بەشێک لەو پارێزگایانە فەرمانگە حکوومییەکان و بانکەکانیش داخراون. 

بە گوێرەی پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسی ئێران، خۆڵبارینەکە لە عێراق و سووریاوە هەڵیکردووە و گەیشتووەتە ناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە پارێزگارەکانی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چوارمحاڵ و بەختیاری و ئیسفەهان سەبارەت بە پیسیی کەشوهەوا هۆشداری توندیان بە دانیشتووانەکانی شارەکانیان داوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشانیش ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، پێوەری کوالێتیی هەوا لە دوو وێستگەی قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو گەیشتووەتە ژمارە 500 واتە دۆخی هەوا لەو دوو شارە لە ئاستێکی ناسازگارە، بەڵام هەوای پارێزگای خووزستان بە دۆخی سوور دیاری کراوە.