کشتوکاڵی هەولێر: بەرهەمی ناوخۆ گەیشتووەتە عەلوەکان

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی خۆماڵیی لە زیاد بوونە، له‌ سه‌رەتاى ئه‌م مانگه‌وه‌ ڕۆژانە، چەندان تەن به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كانى جووتیاران، دەگەنە عەلوەکان و دەخرێنە بازاڕەوە. 

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵیت: ئەو بەرهەمانەی کە ئێستە دەخرێنە بازاڕەکانەوە بریتین لە  خەیار، کوولەکە، پەتاتە، پیازی سپی، چەوەندەر، کاهوو، پاقلە و کەلەرم.

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند "مانگی داهاتووش بەرهەمە هاوینەکانی دیکەی وەک تەماتە، باینجان، بیبەر دەخرێنە بازاڕەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت: ئێمە سنوور و دەروازەکانمان کۆنترۆڵ کردووە، ناهێڵین بەهیچ شیوەیەک پەتاتە و پیاز هاوردە بکرێن. هەناردەکردنیشمان سنووردار کردووە، چونکە بەرهەمەکان لە سەرەتای پێگەیشتنیانە و دەبێت پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، دوای ئەوەی پێداویستیی ناوخۆیان پڕ کردەوە، ئینجا بڕیار لەسەر هەناردەکردنیان دەدەین.

گوتیشی: لە دەرەوەی کوردستان خواست لەسەر بەرهەمی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە قۆناغی ئێستا بیر لە پێداویستیی ناوخۆ دەکەینەوە.