مەسرور بارزانی: میتێکس2025 هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری
سێشەممە، 06-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەولێر (میتێكس2025) کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا کردنەوەی پێشانگەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر باش بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری" ناو برد و گوتی "بەشێک لە ئەجێندا و سیاسەتی حکوومەتی هەرێم، لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی کوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی تایبەتی گەشتوگوزاری و کەرتی گشتییە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، بە مەبەستی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری کردووە. ئەوەشی خستە ڕوو، چەندان پرۆژەی حکوومەت بۆ پێشخستنی کەرتەکە، لە زاخۆ تا هەڵەبجە لە بواری جێبەجێکردندان.
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری، هەڵی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت، چونکە وەکوو خۆی گوتی "جگە لەوەی ئێمە گرنگی بە کەرتی کەشتگوگوازری دەدەین بۆ هێنانی خەڵكێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمە بێگومان هەڵی کاریش لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر دەکات و وادەکات خەڵێکی زۆر لە کەرتی تایبەت بۆ خۆیان ببن بە خاوەن پیشەی خۆیان."
سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کرد "کوردستان ناسراوە بەوەی میواندۆستە، دەمانەوێت ئەم میواندۆستییە بە شێوەیەکی مۆدێرنیش لە چێشخانەکانمان، لە هۆتێلەکانمان لە شوێنە گەشتیارییەکانمان، پیشانی دۆست و هەڤالانمان بدەین کە دێن و سەردانی کوردستان دەکەن."
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە "دەمانەوێت گرنگی بە مێژووی کوردستان بدەین. یەکێک لەو نموونانە قەڵای هەولێرە، کە یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان و بە تایبەتی قەڵای هەولێر کە کۆنترین شاری جیهانە، شەش هەزار ساڵ پێش زایین کە ژیانی تێدا بەردەوام بووە تاکوو ئەمڕۆ. دەوروبەری قەڵاش چەندین شوێنی مێژوویی تر، هەفتانە، مانگانە دەدۆزرێنەوە."
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، خوشک و برایانی بەڕێز، زۆر زۆر بەخێر بێن. بە تایبەتی دیپلۆماتکارەکان، نوێنەرانی کونسوڵخانەکان، نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان ئەوانەی کە بەشدارن ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە، هەروەها هەموو کۆمپانیا ناوخۆییەکان، نوێنەرەکانیان.
ئامادەبووانی هێژا، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم، لە سێیەم پێشانگەی (میتێکس) ی گەشتوگوزاری لە شاری هەولێر، کە ئەمە بێگومان، هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری.
شاراوە نییە کە بەشێک لە ئەجێندا و سیاسەتی حکوومەتی هەرێم، لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی کوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی تایبەتی گەشتوگوزاری و کەرتی گشتییە. بە شێوەیەکی گشتی هەم حکوومەت و هەم کەرتی تایبەت بە یەکەوە بتوانن گرنگی بە پەرەپێدانی کەرتی گشتوگوزاری بدەن.
ئێمە لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆرمان داوە کە ئاسانکاری بکەین و حکوومەتیش هاوکار بێت تاکوو پەرە بەم کەرتە بدرێت، بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و ئێمە ئەو کەرتانەی کە یارمەتیدەرن بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان وەکوو خۆی گرنگییان پێ بدەین و پاڵپشتیان بین.
هەرێمی کوردستان شوێنێکی زۆر دەوڵەمەندە، هەم لە ڕووی مێژوو، هەم لە ڕووی کولتوور، لە ڕووی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و جوانیی سروشت و دەبێت هەوڵی ئەوەش بدرێت کە خزمەتگوزاریی زیاتریش دروست بکرێت بۆ هاندانی خەڵكێک چ لە ناوخۆ، چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بتوانن سوود لەو کەرتە وەربگرن.
ئێمە دەمانەوێت جگە لەوەی کە خەڵكی ئێمە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی جیهان دەکەن، هەوڵێکی جیددیش بدرێت بۆ هێنانی گەشتیاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان. پێشتر هەموو هەوڵی ئێمە ئەوە بووە بۆ ناساندنی شۆناس و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان بە دەرەوە، بەڵام زیاتر باسی ئەو کارەساتانەمان کردووە کە بەسەر نەتەوەکەماندا هاتوون، بە چ قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیون. بەڵام دەبینین کە کوردستان زۆر زیاتری هەیە کە بتوانێت پیشانی جیهانی بدات و خەڵکێک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێن و کوردستان ببینن کە هەم لە ڕووی جۆگرافی چەند شوێنی سەرنجڕاکێش و جوان و دڵگیری هەیە و هەم فێری مێژووی کوردستانیش ببن کە بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیوین. بێگومان کوردستان ناوچەیەکە کە بە چەندین، دەسەڵات و حوکمڕان لەم ناوچەیەدا بوون و تێپەڕیون.
لە لایەکی ترەوە، ئەم کولتوورە جوانەی کە لە کوردستان هەیە، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی کە وێنەی نییە، ئەوەی لە کوردستان پێویستە ئێمە زیاتر پیشانی خەڵکی بدەین.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە یارمەتیدەر دەبن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر کوردستان بە دونیا بناسێنین، ئەوەیە گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار بدەین تاوەکوو خەڵکێکی زیاتر بێت، هەم سەردانمان بکات و هەم تێکەڵاوی خەڵکی کوردستان بێت و زیاتر شارەزای ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بێت.
ئێمە دەمانەوێت گرنگی بە پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە چەند ڕوویەکەوە بدەین. لە ڕووی جۆگرافییەوە، هەر ناوچەیەکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەمانەوێت گرنگی بە هەر ناوچەیەک بدەین و ئەو جوانییە سرووشتییەی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەیە، ئەوانە بەرجەستە بکەین.
دەمانەوێت گرنگی بە مێژووی کوردستان بدەین. یەکێک لەو نموونانە قەڵای هەولێرە، کە یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان و بە تایبەتی قەڵای هەولێر کە کۆنترین شاری جیهانە، شەش هەزار ساڵ پێش زایین کە ژیانی تێدا بەردەوام بووە تاکوو ئەمڕۆ. دەوروبەری قەڵاش چەندین شوێنی مێژوویی تر، هەفتانە، مانگانە دەدۆزرێنەوە. کوردستان خۆی، هەموو ساڵێک دەبینین کە شوێنی جیاوازی مێژوویی تێیدا دەدۆزرێنەوە، ئەوانە هەمووی دەکرێت ببن بەشێک لە پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری. کەواتە گرنگیدان بە مێژووی ناوچەکەی خۆمان و ئاوەدانکردنەوە و نووژەنکردنەوەی ئەو شوێنە مێژووییانە، ئەمانە هەمووی یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری.
لە لایەکی ترەوە، پێشخستنی سیستەمی خزمەتگوزاری، چ خزمەتگوزاریی پزیشکی بێت، چ خزمەتگوزاریی ئەو گەشتیارانە بێت کە بۆ چێژوەرگرتن لە سرووشت و بەسەربردنی کاتەکانی خۆیان دێنە کوردستان، ئێمە گرنگی بەم بەشانەش بدەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کەسانەی دێنە هەرێمی کوردستان بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازییان لێ بکرێت و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە شایستەی خەڵکێکن کە سەردانمان دەکەن، پێشکەشیان بکەین.
کوردستان ناسراوە بەوەی میواندۆستە، دەمانەوێت ئەم میواندۆستییە بە شێوەیەکی مۆدێرنیش لە چێشخانەکانمان، لە هۆتێلەکانمان لە شوێنە گەشتیارییەکانمان، پیشانی دۆست و هەڤالانمان بدەین کە دێن و سەردانی کوردستان دەکەن.
چەندین پرۆژەی گرنگ وەکوو حکوومەت لەبەر دەستە، کە ئەم پڕۆژانە دەکرێت ببن بە ئەدەواتێک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەکان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. بەشێکی گرنگی ئەو پرۆژانە خەریکە دەکەوێتە کار و بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، هەر لە زاخۆ بگرە تاکوو هەڵەبجە. لە هەموو شوێنەکان بەرنامەی حکوومەت هەیە بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە. هەر وەک باسم کرد، هەر شوێنێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەمانەوێت گرنگی بە هەموو ناوچەکانی کوردستان بدەین، کە یەکێک دێت سەردانی شارێک یان شارۆچکەیەکی کوردستان دەکات، دەمانەوێت ئەوە بۆ بابەتێکی تر بچێت سەردانی شارێکی تری کوردستانیش بکات.
جیاوازیی کوردستان لەوەدایە کە زۆر زۆر تەبیعەتێکی جیاوازی هەیە، بەڵام دڵی هەموو کوردستانییەک فراوانە و میواندۆستە، کەواتە شتێکی هاوبەش لە هەموو کوردستاندا دەبینرێت کە گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی دەکات.
جگە لەوەی کە ئێمە گرنگی بە کەرتی کەشتگوگوازری دەدەین بۆ هێنانی خەڵكێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمە بێگومان هەڵی کاریش لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر دەکات و وادەکات خەڵێکی زۆر لە کەرتی تایبەت بۆ خۆیان ببن بە خاوەن پیشەی خۆیان، خاوەن کاری خۆیان و زۆر کەس کە لەوانەیە تاکوو ئێستا کاریان نییە، بەهۆی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری، هەڵی کاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێت و کوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی پێشتر بەرەو پێشکەوتن و بووژانەوە دەنێت.
من جارێکی تر دەستخۆشی لە بەشداربووان دەکەم، بەخێرهاتنی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەم. هیوادارم هەموو لایەکتان سەرکەوتوو بن، کوردستان هەمیشە لە پێشکەوتندا بێت و وڵاتمان ئاوەدان بێت، زۆر زۆر سوپاس.