مەسرور بارزانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ هەولێر بەسەر کردەوە
سێشەممە، 06-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر بەسەر کردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، بەردی بناغەکەی دانا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشت و ئەندازیارانی پرۆژەکە، کورتەیەکیان دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان خستە ڕوو کە ئاو لە زێی گەورەوە دەگەیەنێتە ناو شاری هەولێر و تا ئێستا زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە سەر ئاستی عێراق و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ چەندین ساڵ چارەسەر دەکات و کوالیتیی ئاوەکەش زۆر پاک و خاوێن و لە ئاستێکی بەرزدایە و بڕیارە ئەمساڵ بەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی ، پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە "سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار و سەرپەرشتیار و ئەندازایاران و تەواوی کارمەندان کرد و سوپاسی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان، کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێر."
پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێرم بەسەر کردەوە، کە ساڵی ڕابردوو، بەردی بناخەیمان دانا.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) May 6, 2025
زیاتر لە 75% پڕۆژەکە تەواو بووە و یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئاو لە عێراقدا و کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ دەیان ساڵ چارەسەر دەکات. بڕیارە ئەمساڵ پێش وادەی خۆی تەواو بکرێت.