ئیسرائیل لەکارخستن و وێرانکردنی تەواوی فڕۆکەخانەی سەنعای ڕاگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، سووپای ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن و چەند ناوچەیەکی جیا جیای ئەو وڵاتە، سەرباری ئەو هێرشەی کردیە سەر چەند پێگەیەک لە پارێزگای حودەیدە.

سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: فڕۆکەخانەی سەنعایان بە تەواوی لەکارخست و وێرانکرد.

میدیاکان ئاشکرایان کرد، هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، تەواوی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سەنعایان پێکاوە، هۆڵی گەشتیارانی فڕۆکەخانەکشیان خاپوور کردووە لەگەڵ وێرانکردنی تەواوی وێستگەکانی کارەبا.

میدیای حوسییەکان ئاشکرای کردووە، هێرشەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل وێستگەی ناوەندیی کارەبای حەزیزیان لە سەنعا بۆردوومان کردووە، ڕاشیانگەیاندووە، هێرشەکان ناوچەی عەتانی باشووری ڕۆژئاوای وێران کردووە لەگەڵ وێستگەی کارەبای زەهبان.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، بەهاوکاریی هێزەکانی ئەمەریکا بووە لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و سەربازیی.

حوسییەکان دەڵێن: بەردەوام دەبین لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، ئاشکراشی دەکەن، کارەبای سەنعای پایتەخت بەتەواوی پچڕاوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەی کارەبای ئەو شارە.