ناتانیاهۆ: دوێنێ حودەیدە و ئەمڕۆ سەنعامان بۆردومان کرد

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم لیدوانی لەبارەی بۆردومانی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن و چەند وێستگەیەکی کارەبا و پێگەی جیا جیای ئەو شارە گوتی: دوێنێ حودەیدە و ئەمڕۆ سەنعامان بۆردوومان کرد.

سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: هێرشی یەک لەدوای یەک دەکەینە سەر حووسییەکان، ئەوان بەبێ ڕەزامەندی ئێران ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

بنیامین ناتانیاهۆ گوتی: ئەوەی زیانمان پێ بگەیەنێت، زیان بەخۆی دەگەیەنێت، هۆشداریشیدا لەوەی، هێرشەکانیان بۆ سەر یەمەن بەردەوام دەبن.

ئەو لێدوانەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بەچڕی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەنیان بۆردومان کرد و فڕۆکەخانەکەیان لەکار خست، سەرباری ئەوەش، وێستگەکانی کارەبای ئەو شارەیان بە ئامانج گرت و ئێستا سەنعای پایتەختی یەمەن بێ کارەبایە.

هەر لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: گورزەکانمان لە حووسییەکان هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئێران، دەشڵێت: بەرپرسیارەتی هێرشی حووسییەکان لە ئەستۆی ئێراندایە.

میدیاکانی یەمەن ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر سەنعای پایتەخت، سێ هاووڵاتی کوژراون و 38ـی دیکەش برینداربوون.