حووسییەکان: هێرشەکانمان بەردەوامن و هیچ دانوستانێکیشمان نەکردووە

گرووپی حوسییەکانی یەمەن ئێوارەی سێشەممە هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانیان لە دژی ئیسرائیل کرد، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن ڕاگەیاند.
مەهدی مەشات، سەرۆکی حووسییەکان بە ئاژانسی هەواڵی یەمەن (سەبا)ی ڕاگەیاند "بزووتنەوەکە بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە غەززە، و لەمەودوا دەبێت ئیسرائیل لە پەناگەدا بمێنێتەوە یان دەستبەجێ وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و بڕۆن، چونکە حکوومەتە شکستخواردووەکەی چیتر ناتوانێت پارێزگاری لە هاووڵاتییانی ئێوە بکات".
لە درێژەی قسەکانیشدا گوتی: یەمەن هیچ دەست ناپارێزێت و هێرشەکانی بۆ پشتیوانی براکانی لە فەڵەستین ڕاناگرێت، تا ئەو کاتەی هێرشەکان و گەمارۆکان بۆ سەر غەززە هەڵدەگیرێت.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان پێشتر ڕایگەیاند "یەمەن و ئەمەریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا."
پێشتر فەرماندەیەکی باڵای سەربازی حووسییەکان ئێوارەی سێشەممە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای ڕەتکردەوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی گرووپی ئەنساروڵلای حووسییەکان دەربارەی ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کەشتیەکان و "تەسلیمبوونی" بە ئەمەریکا.
فەریق عابد محەممەد سەور، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئیدارەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە سەنعا ڕاگەیاندبوو، لێدوانەکانی ترەمپ "هەڵەن، و هیچ نێوەندگیرییەکمان نییە بۆ دانوستان و گفتوگۆ".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە ئەمەریکییەکانمان ئاگادارکردبێتەوە بەوەی دەمانەوێت شەڕەکە ڕابگرین، درۆیە، ترەمپ هەوڵدەدات توانا سەربازییەکانی یەمەن کەمبکاتەوە، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا ئێمەی نەترساندووە.