ئەندازەی پارکەکانی هەولێر: ئەمساڵ زیاتر لە 58 هەزار گوڵی جۆراوجۆر چێنراون

گوڵ و دارەکانی باخچە و پارکەکانی هەولێریش بەهۆی خۆڵبارین و تەرزەوە بێزیان نەبوون و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێریش دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە 58 هەزار گوڵی جۆراوجۆریان چاندووە.

ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تۆز و ڕەشەبای چەند ڕۆژی ڕابردوو، لەگەڵ بارینی تەرزە کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر گوڵ و دارەکان، بەشێکیان تێکچوون و شکاون.

ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: ئاماری دروستمان کۆ نەکردووەتەوە لەبارەی ئەو زیانانەی بەر گوڵەکان کەوتوون، بەڵام بارانی دوای خۆڵبارینەکە زیانەکانی کەم کردەوە.

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا 58هەزار و 629 گوڵی جۆراوجۆر چێندراون.

لە شاری هەولێر، جگە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، 20 پارکی گەورە و زیاتر لە 400 باخچە و دارستانی بچووک هەن.

هەر ئەمڕۆ،  پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە، لە شاری هەولێر پارکى ڕەشکین، گەورەترین نافوورە لەسەر ئاستى عێراق و شانۆیەكی ڕۆمانی دروست دەکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر ڕووبەری نزیکەی 120 هەزار مەتر دووجا، لەسەر شەقامی 120 مەتری و جووتسایدی ڕەشکین، پارکی ڕەشکین لە شاری هەولێر دروست دەکرێت، كە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پارک لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان و عێراق.

ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکە 18 مانگە، کە ئێستا 10% کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، زیاتر لە 80 کرێکار و ئەندازیار ڕۆژانە کاری تێدا دەکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment