بەرگریی تورکیا: ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا دروستکردنی ناسەقامگیرییە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە نایانەوێت سووریا ئارام بێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: ڕازی نابین بەو هێرشانەی ئیسرائیل لە ئاسمانەوە دەیکاتە سەر سووریا، چونکە هێرشەکان ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراویان هەیە کە تێکدانی سەقامگیریی سووریایە.
لەبارەی ئەو هەواڵانەی باس لە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و سووریا دەکەن، ئەو سەرچاوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتی: پێشنیاز دەکەین خەڵک بە هەواڵی چەواشەکارانە فریو نەخۆن و بە دوای سەرچاوەی زانیاریی ڕاستگۆدا بگەڕێن.
لەگەڵ لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ سەر سووریا و داوای وەستاندنی بەپەلەی هێرشەکانیشی کرد، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەسەر داوای حکوومەتی سووریا، بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی گرووپەکان بۆ ئارامیی سووریا.