ئیسرائیل زیاتر لە 20 هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باشووری لوبنان
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئایاری 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 20 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، بۆ سەر پێگە و بارەگاکانی حزبوڵلای لوبنانی بووە لە دەوروبەری ناوچەی نەبەتیە.
سووپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاندووە، ئامانجێکی گرنگمان لە باشووری لوبنان پێکا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی چۆنیەتی و شێوازیی هێرشەکە و ئامانجەکە و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەش ئاشکرا نەکردووە.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان ڕایگەیاند: ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر باشووری لوبنان لە ناوچەی نەبەتیە، ناوچەکەش شاخاوی و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاشکرای کردووە، بەپێێ ئاماری سەرەتایی، لەو هێرشانەی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان، کەسێک کوژراوە و 8ـی دیکەش بریندار بوونە.