جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: شەڕی هیندستان و پاکستان کێشەی ئێمە نییە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی شەڕی نێوان پاکستان و هیندستان دەڵێت: ئەوە کێشەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نییە بەهیچ شێوەیەک، داوای کرد هەردوولا گرژییەکان کەم بکەنەوە.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵیی فۆکس نیوز، جەی دی ڤانس گوتی: لە شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان ئەوەی لە دەستمان دێ ئەوەیە، هانیان بدەین گرژییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام هیچ پەیوەندیمان بە ناکۆکی و شەڕی نێوانیان نییە.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی، هەرچەند نیودەلهی، ئیسلام ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە بەوەی لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.